ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چۆن بووەتە كەواسوری بەر لەشكری داگیركەران؟

ئەنجومەنی بەناو ئاسایشی هەرێمی كوردستان دامەزراوەیەکى فەرمی هەرێمی کوردستانەو لەلایەن پەرلەمانەوە ئەرک و دەسەڵاتى بۆ دیاری کراوە، بەڵام سنوری دەسەڵاتەکانى خۆی کە لە یاساکەدا هاتووە بەزاندووە، جگە لەوەش لەلایەن چاودێرانى سیاسی و هاوڵاتیانى هەرێم گومان و پرسیارە لەسەر کارەکانى هەیە.

ڕۆژی ٢-٥-٢٠١١ پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە ٤ی تایبەت بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، بەپێی یاساکە ئەرکی ئەنجومەنەکە برتییە لە پاراستنی هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان لە هەڕەشە تیرۆرستیانەى کە لە ناوخۆ و دەرەوە دەکرێنە سەری.

ئەو ئەنجومەنە لەلایەن یەک حزب و بنەماڵەوە کۆنترۆڵ کراوە کە ئەویش پەدەکەو خودی بنەماڵەى بارزانییە، لە ڕابردوودا مەسرور بارزانى سەرۆکى بوو ئێستاش کوڕێکی دیکەى مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەنجومەنەکەیە، جگە لەوانە هیچ لایەنێکى دیکەی هەرێمی تێدا نییەو دوورە لە هەموو چاودێری و لێپرسینەوەیەک، چی بودجەو خەرجییەکانى چی ئەرک و کارەکانى بۆ هیچ لایەک ئاشکرا نییە.

هێرشەکانى دەوڵەتى تورک و ڕاگەیەنراوە بەپەلەکانى ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم

زۆرجار ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە كار و سیاسەتەکان كەوتووەتە خزمەتی دەوڵەتی داگیركەری توركەوە، هەروەها بەوەش تۆمەتبار دەکرێت کە هاوکاری و هەماهەنگی توندوتۆڵ لە نێوان ئەو ئەنجومەنەو دەوڵەتى تورکدا هەبێت، هێشتا فڕۆکە بە ئاسمانی تورکیاوەیە و بۆردومانى نەکردوە، لە هەولێر ڕاگەیەنراوی ئەنجامەکەى ئامادە کراوە.

لەگەڵ هەر هێرشێکی دەوڵەتى تورک لەناوخۆی هەرێم جا چی بە بۆردومان بێت یان کردەوەى تیرۆری بێت، دەم ودەست ئەنجومەنى ئاسایش و دژە تیرۆری بەناو کوردستان ڕاگەیەنراوێک لەسەر هێرش و ڕووداوەکان بڵاودەکەنەوە، نەک هەر ئەوەش زۆرجار کاتى ڕوودانى هێرشەکان و بڵاوکردنەوەى ڕاگەیەنراوەکانى ئەنجومەنى ئاسایش تەنیا چەند خولەکێکى کەم بەینیانە.

ئەمەش گومان و پرسیاری زۆری لای هاوڵاتیان و چاودێرانى سیاسی دروستکردوە کە چۆن دەم و دەست ئەو زانیاریانە گەیشتنە دەست ئەنجومەنى ئاسایشی هەرێم و بەشێک لە دامەزراوەکانی و چۆن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و چۆن لێکۆڵینەوەیان کرد لەماوەى ئەو چەند خولەکەدا؟.

ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریانەى کە دەوڵەتى تورک ئەنجامی دەدەن هەمیشە بە سەدان و هەزاران کیلۆمەتر لە ئەنجومەنى ئاسایسش و دامەزراوەکانى سەر بە ئەنجومەنەکەوە دوورە، تەنانەت هەندێک لەو هێرشانە لەدەرەوەى ئیدارەى هەرێمی کوردستان و بە نموونە لە سنوری شنگال و موسڵ و کەرکوک یان شوێنى دیکە ڕوو دەدەن کە دەستى ئەندام و تیمەکانى سەر بە ئەنجومەنى ئاسایش ناتوانن بچنە سنورەکەو شوێنی ڕووداوەکەش.

ئەوەى پرسیارە لای هاوڵاتیان و چاودێرانى سیاسی چۆن کت و پڕ ئەنجومەنى ئاسایش زانیاری و ئامارو وردەکاری ئەو هێرش و ڕووداوانە بڵاودەکاتەوە ئەگەر پەیوەندی و هەماهەنگیەکى پێشوەختەی چڕ و پڕ نەبێت لەنێوان ئەنجومەنی ئاسایش و  لەگەڵ دەوڵەتى تورک و دەزگای میتدا؟

هەر ئەوەشنا، ئەنجومەنى ئاسایش و بەشێک لە دامەزراوەکانى ڕاگەیەنراو بڵاودەکەنەوە، بەڵکو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بە پەدەکەو پاراستن و ئەنجومەنى ئاسایش دەم و دەست زانیاری لەسەر هێرش و کردەوەکانی دەوڵەتى تورک بە وێنەو ڤیدیۆوە ڕووداوەکە بڵاودەکەنەوە، هەندێ جار تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى پاراستن پێش ڕووداوەکەش هەندێک ئاماژە نیشان دەدەن کە ئەو رۆژە یان چەند خولەکێکی دیکە شتێک ڕوودەدات.

ئەگەرچی دەیان و سەدان نموونە بەر دەستن کە هەر لە خودی ماڵپەڕ و تۆڕە فەرمییەکانى ئەنجومەنى ئاسایشدا بڵاوکراونەتەوەو خوێنەران بۆ بینینی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ئەو پێگە فەرمیانەى ئەنجومەنەکە، بەڵام ئێمە تەنیا دوو نموونەتان بیر دەخەینەوە کە ڕوویانداوە و دەم و دەست ئەنجومەنى ئاسایش بێ لێکۆڵینەوەو ناردنى تیم و لیژنەى  لێکۆڵینەوە زانیاریان بڵاوکردوەتەوە.

یەکێکیان هێرشێکى فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی تورك بوو بۆ سەر شنگال و گەلی ئێزیدی، ئەنجومەنی ئاسایش پێش لایەنە فەرمییەكانی شنگال ڕاگەیەندراو بڵاوکردەوە و كات و شوێن و ئاماری قوربانیان بڵاوکردەوە کە بەینى هێرشەکەو ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنى ئاسایش تەنیا چەند خولەکێک بەینی هەبوو، دووەمیشیان کەوتنەخوارەوەى دوو فڕۆکەى هەسەدە بوو لە سنوری بادینان کە هەر دەست بەجێ شوێن و کات و ئەنجامەکەى ئاشکرا کردو تۆمەتى ئەوەشی دروستکرد کە ئەو فڕۆکانە بە ڕێگاوبوون بۆ قەندیل لەکاتێکدا ئەو فرۆکانە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بوون و بە هەڵە کەوتوونەتە ناوچەکە.

ئەوەى زۆر جێگای سەرنج و پرسیارە ئەوەیە زۆرینەى ڕاگەیەنراوە بە پەلەکانى ئەنجومەنى ئاسایش کە بێ لێکۆڵینەوە بڵاویان دەکاتەوە لەکاتی ئەو هێرشانەدا ڕوودەدەن کە دەوڵەتى تورک بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان ئەجامی دەدات، ئەمەش دیسان ئەو پرسیارە دێنێتە پێشەوە کە هێرشی ئەو جۆرە فڕۆکانە پشت بە زانیاری زەمینەوە دەبەستن کەواتە کێ زانیارییەکانى لە زەمینەوە داوە بەو فڕۆکانە؟

زانیاری و ڕاگەیەندراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایش لەدوای هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی تورك، ئەوە ڕوون دەكاتەوە، كە ئەو ئەنجومەنە زانیاری وردی پێشوەختەی لەسەر هێرشەكان هەیە و ڕەنگیشە خۆی بەشێك بێت لە ئەنجامدانی هێرشەكە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەر هێرشێكدا ڕاستەوخۆ دیمەنەكانی هێرشەكەی پێبگات.

هـ. ح

 

Comments are closed.